برینێکى ساڕێژنەبوو؛ فەرمانی ٧٣

ئێزدییەکان تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی فەرمانیان کراوەتە سەر، فەرمانە گەورەکەى ئەمدوایی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا بە خیانەتەوە کرایەسەریان، شەنگال کە لەلایەن دەروێش و عەدولەکانی هەرێمەکەوە دەپارێزرێت، بە خۆ بە رێکخستنکردن وەڵامی فەرمانەکە و خیانەتەکەى دایەوە.

ئەمڕۆ ساڵیادی فەرمانی ٧٣هەمە لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا روویدا.

کوردانی ئێزدی کە وەک "کوردی رەسەن" دەناسرێن لە مێژوودا بە بەردەوامی فەرمان لە دژیان ئەنجامدراوە.

ئێزدییەکان هێرشەکان بۆ سەریان و کۆمەڵکوژکردنیان بە "فەرمان" پێناسە دەکەن. یەکەم ھێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێزدییەکان لە ساڵی ٩٠٦ دا روویداوە.

گەورەترین فەرمانی ئەمدواییەش ٣ی ئابی ٢٠١٤ کرایە سەر ئێزدییەکان.

ئەو باوەڕە دێرینەى میزۆپۆتامیا لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بووە ئامانجی چەتەکانی داعش.

بە درێژایی مێژوو هێرشی قڕکردن لە دژی ئێزدییەکان بە شێوەیەکى ورد و بەرنامە بۆ دانراو روویداوە.

زۆربەى ئەو هێرشانە لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەنجامدراوە و بەشێکیشی لەلایەن دەرەبەگە کوردەکانەوە (دەرەبەگە کوردە سوننەکانەوە) ئەنجامدراون.

بەشێک لەو فەرمانانەى کراونەتە سەر ئێزدییەکان:

* لە ساڵی ٩٠٦ دا هەمەدانی والیی موسڵ هێرشی کردە سەر ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژی کردن، چونکە ئامادە نەبوون دەستبەرداری باوەڕەکەى خۆیان ببن و ببنە مسوڵمان.

* ساڵی ١٢٤٦ کۆمەڵکوژی لالەش لەلایەن بەگی زەنگیی موسڵەوە بەدرەدین لولوەوە ئەنجامدرا.

* لە سەدەی ١٦دا و بەهۆی فتواکانی ئەبو سود ئەفەندی شێخولئیسلامی عوسمانی و بە فەرمانی سوڵتان سولەیمانی قانونی کۆمەڵکوژییەکانى سەر ئێزدییەکان ئەنجامدران.

* لە ساڵی ١٦٣٨ دا مەلەک ئەحمەد پاشا والیی ئامەد لە شەنگال کۆمەڵکوژییەکى ئەنجامدا.

* لە ساڵی ١٦٥٠ و بە فەرمانی سوڵتان مورادی چوارەم، شەمسی پاشای والیی وان لە موسڵ ئێزدییەکانى کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧١٥ حەسەن پاشا والی بەغدا لە شەنگال کۆمەڵکوژییەکى ئەنجامدا.

* ساڵی ١٧٣٣ ئەحمەد پاشا والی بەغدا لە شێخان ئێزدییەکانى کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧٥٢ سولەیمان پاشا والی بەغدا لە شەنگال ئێزدییەکانى کۆمەڵکوژ کرد.

* لە ساڵانی ١٧٣٢-٣٣ نادر شا لە نێوان سورداش و کەرکوک دا ئێزدییەکانى کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧٣٣ جەلیلیان ئێزدییەکانی لەسەر رووباری زاپی کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧٣٥ بە فەرمانی نادر شا ئێزدییەکان لە مەهاباد، سلدوز (نزیک نەغدە) و مەراغە کۆمەڵکوژ کران.

* ساڵی ١٧٤٢ عەلی تەقی خانی سەر بە نادر شا ئێزدییەکانى سلدوزی کۆمەڵکوژکرد.

* ساڵی ١٧٤٣ نادر شا ئێزدییەکانى کەرکوک، هەولێر و ئاڵتوکوپری (پردێ) کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧٤٣ نادر شا ئێزدییەکانى سەر لێوارەکانى رووباری زاپ کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧٨٧ جلیلیان ئێزدییەکانى دەنانی لە شێخان کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٧٨٩ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵا بەگ جێگری والی بەغدا ئێزدییەکانى شێخانی کۆمەڵکوژ کرد.

* لە نێوان ساڵانی ١٧٥٣ – ١٨٠٠ دا بە فەرمانی عوسمانییەکان، دزی، باج و خەراج، بە کۆیلەکردن و کۆمەڵکوژی لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدران ( لەو ماوەیەدا ٦ هێرشی گەورە لە شەنگال، شێخان و موسڵ کراوەتە سەر ئێزدییەکان).

* ساڵی ١٨٠٩ سولەیمان پاشا والی بەغدا ئێزدییەکانى شەنگالی کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٨٢٤ عەلی پاشا والی بەغدا ئێزدییەکانى شەنگالی کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵانی نێوان ١٨٣٢ – ١٨٣٤ کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لەلایەن محەمەد پاشای سۆران (میری گەورە – پاشای کۆرە)ەوە ئەنجامدران.

* ساڵی ١٨٣٥ محەمەد ئینجە بایراقدار والی موسڵ ئێزدییەکانى شەنگالی کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٨٣٦ رەشید پاشا ئێزدییەکانى لە شەنگال کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٨٣٧ حافیز پاشا لە شەنگال ئێزدییەکانی کۆمەڵکوژ کرد.

* ساڵی ١٨٤٤ ئێزدییەکان لە بۆتان کۆمەڵکوژ کران.

* ساڵی ١٨٩٢ لە ئەنجامی سیاسەتەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا هەوڵدرا بە زۆر ئێزدییەکان بکرێن بە مسوڵمان و دەستکرایەوە بە کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان.

ئەو کۆمەڵکوژییانەی تر کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدراون یەکێکیان لە ساڵی ٢٠٠٧ دا بوو.

لە ١٤ی ئابی ٢٠٠٧ دا ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر گەورە گوندی سیبا شێخ خدر لە تل عوزێر لە شەنگال و بەو هۆیەوە ٣٠٠ هاووڵاتیی ئێزدی کۆمەڵکوژکران.

لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە لێپرسینەوە ئەنجام نەدرا و راگەیاندرا، کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن چەتەکانی ئەنسار و سونەی سەر بە قاعیدە ئەنجامدراوە، کە لەو کاتەدا هەوڵی دەدا دزە بکاتە باشووری کوردستانەوە.

بەڵام سەرباری ئەوەش زانیارییەکى زۆر لەسەر ئەوە هەیە، کە چەتەکانى بەرەی تورکمانیی عێراق بەشداربوون لەو هێرشەدا. بەرەتی تورکمانی لەلایەن دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی دەوڵەتى تورک (میت)ەوە لە باشووری کوردستان دروستکراوە.

دوایین کۆمەڵکوژی و گەورەترین کۆمەڵکوژی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال و دەورووبەری لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدرا.

ئێزدییەکان بە زۆری لە ناوچەی شێخانی دهۆک، ناوچەى شەنگالی موسڵ و گوندەکانى ئەو ناوچانەدا دەژین. ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە بە زۆرەملێ نێشتەجێ کران.

ئێزدییەکان بەهۆی فەرمانەکانەوە هەموو کات خۆیان دەگەیاندە چیای شەنگال و لەوێ خۆیان دەپاراست. ئێزدییەکان لە ساڵی ١٩٧٥ دا بە زۆر لە گوندەکانی چیای شەنگال داگیران و لە گوندەکانى خانەسۆر، تەل عوزێر، سنونێ، سیبا شێخ خدر، کۆچۆ و دوگورێ و بە گشتی لە ١٥ گوندی دەورووبەری چیای شەنگال نێشتەجێکران.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دواى ساڵی ٢٠٠٣ بووەتە باڵادەستی ناوچەى شەنگال و هەموو پاشکەوتوییەکانى کۆمەڵگەی پاراست و سیستمی شێخایەتیی ئێزدیی بۆ بەرژەوەندیی خۆی زەق کردەوە و پاراستی و تاوەکو هێزی تیابوو سوودی بۆ خۆی لێوەرگرت.

پەدەکە باوەڕی ئێزدییەکانى بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار هێنا و پشتگیریی لە سیستمی شێخایەتی کرد و لەو رێگەیەوە خستنیە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.

لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ و کاتێک داعش موسڵی داگیرکرد، لە هەموو ناوچەیەکى موسڵ زیاتر، گەورەترین مەترسی لەسەر شەنگال دروستبوو.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زووە هۆشداریی لە بارەی شەنگالەوە دابوو.

بەڵام پەدەکە بە سەرۆکایەتیی بنەماڵەى بارزانی، کە شەنگالیان خستبووە ژێر گوشار و کۆنترۆڵی خۆیان، رێگایان نەدا هیچ هێزێکى کورد خۆی لە شەنگال نزیک بکاتەوە.

دوای ئەوەى مەترسی بۆ شەنگال زیادیکرد، بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە کەوتە پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە و لەسەر جدی بوونی مەترسی لەسەر شەنگال هۆشداریی پێدان. بەڕێوەبەریی پەکەکە پێی راگەیاندن، دەتوانن هێزەکانى خۆیان رەوانەى ناوچەکە بکەن، بەڵام بەڕێوەبەریی پەدەکە وەڵامی ئەو داوایەى پەکەکە و ئەو هۆشیادارییەى پەکەکەى نەدایەوە.

شەوی ٢ لەسەر ٣ی ئاب و کاتێک هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال دەستیپێکرد، نزیکەى ١٧ هەزار هێزی چەکداری پەدەکە بەبێ تەقاندنی فیشەکێک لە شەنگال و دەورووبەری کشانەوە.

پەدەکە بەبێ ئەوەى گەل ئاگادار بکاتەوە خۆی کشاندەوە و بەو شێوەیە رێگای بۆ کۆمەڵکوژی کردەوە، دواى ئەوەش کە خیانەت بە فەرمانەکە زیادیکرد، ئیدی کۆمەڵکوژییەکە وەرسوڕا بۆ قڕکردن و سڕینەوە.

لە سیبا شێخ خدر، گردی زەرک، تەل بەنات، تەل قەسەب و کۆچۆ هەزاران مرۆڤ کۆمەڵکوژکران و هەزارانی تر دیلکران و رفێنران. گەل ناچار بوو بۆ خۆپاراستن روو لە چیای شەنگال بکات.

ئەو مرۆڤانەى کە روویان لە چیای شەنگال کرد لەوێ هیوا و ئومێد و تروسکایەکیان بینی. بەڕێوەبەریی پەکەکە پێش هێرشەکە ١٢ گەریلای بە نهێنی رەوانەى شەنگال کردبوو. ٣ لەو گەریلایانە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکرابوون و ٩ گەریلایان مابوون.

ئەو دەستەیە لە گەریلاکان خۆیان بەسەر ٣ بەشدا دابەشکرد و ٢ رێگای رۆیشتن بۆ چیای شەنگالیان کۆنترۆڵکرد و رێگایان نەدا داعش خۆی بگەیەنێتە چیاکە و کۆمەڵکوژییەکە گەورەتر بکات.

ئەو گەریلایانەى کە ئێزدییەکان پێیان دەڵێن "١٢ سوارەکەى دەروێشی عەبدی" لە چیای شەنگال دەستیان بە رێکخستنکردنی گەل کرد بۆ خۆپاراستن. هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە لە رۆژئاواوەوە بەرەو چیای شەنگال رێڕەوێکیان کردەوە.

بەهۆی ڕێڕەوی مرۆیی لە تەل کۆچەر – ڕەبیعە – جەزعا بەرەوە شەنگال سەدان هەزار ئێزدی گەیشتنە ڕۆژئاوا.

لە قۆناغی دوای ئەوەدا لە شەنگال لە ڕوویەک تێکۆشان لەدژی چەتەکانی داعش دەستپێکرا و لە لایەکی ترەوە هەوڵەکانی پەدەکە بۆ درەنگ رزگارکردنی شەنگال بەردەوام بوون.

لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا یەبەشە، یەژەشە و هێزەکانی پاراستنی شەنگال (هەپەشە) ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و ڕایانگەیاند، ئەوان فەرماندەیەکی هاوبەشیان بە ناوی ' فەرماندەیی ئێزیدخان بۆ ڕزگاری شەنگال' پێکهێناوە.

لە دیوی ڕۆژئاواوە، هۆڵ و خاتوونیە لەلایەن هێزەکانی یەپەگە و یەپەژەوە ڕزگارکران و بەو شێوەیە بەشدارییەکی زۆر گەورەیان لە ئۆپەڕاسیۆنی رزگاکردنی شەنگالدا کرد.

لە دیوی شەنگالەوە گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاریش لە چیای کۆلک و گەلی شیلۆوە پێشڕەویان کرد و زۆر گوندی ئێزدییان ڕزگار کرد.

فەرماندەیی هاوبەش لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ مزگێنی دەستپێکردنی؛ ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی شەنگالیان بە کوردانی ئێزدی و هەموو کوردستاندا.

دوای ئەوەی دەست بە ئۆپەراسیۆنەکە کرا، پەدەکە بۆ ئەوەی 'ڕووەکانی سپی بکاتەوە' کە ٣ی ئاب شەنگالی چۆڵ کردبوو، لە ڕۆژهەڵاتی شەنگال دەستی بە جموجووڵ کرد.

ئێزدیانی چیای شەنگالیش لەژێر چەتری 'خۆپاراستندا' چەکیان هەڵگرت و جێگای خۆیان لەناو ئۆپەڕاسیۆنەکەدا گرت. لە ڕۆژی دووەمی ئۆپەڕاسیۆنەکەدا هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە و گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار ناوەندی شەنگالیان لە چەتەکان پاککردەوە.

فەرماندەیی هەپەگەی شەنگال و فەرماندەیی گشتی یەبەشە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایان کرد کە ئەوان ڕزگارکردنی شەنگال دیاری گەلی خۆیان دەکەن.

وەڵامی بەهێز بۆ فەرمان و خیانەت، رێکخستنبوونی شەنگال بوو. بۆیەش یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە) لە ئەیلولی ٢٠١٤دا پێکهێنرابوون.

لە ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠١٥دا ئەنجومەنی دامەزرێنەری شەنگال و لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٧ ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال ڕاگەیەنرا.

ژنانی ئێزدی کە زۆرترین ئازاریان بینیبوو، لەژێر چەتری ئەنجومەنی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) خۆیان ڕێکخست. لە ساڵی ٢٠١٦دا پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان (پادێ) دامەزرێنرا.

شەنگال ڕزگارکرا و دەزگای بەهێز پێکهێنران. بەڵام کۆتایی بە هێرشەکانی سەر شەنگال نەهات. ئێستاش بۆ چۆڵکردنی شەنگال، پەدەکە و هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی دەستیان بە هەوڵ و جموجوڵی تایبەت کردووە.

لەگەڵ هێرش، قڕکردن و خیانەت، ئێزدیان تا ئێستاش لەژێر فشار و زۆردەستی پەدەکە و دەوڵەتی تورکدان.

بەپێی ئاماری کۆمسیاریای باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە، لە هێرشی ٣ی ئابدا نزیکەی ٥ هەزار پیاوی ئێزدی کوژران، سەری ١٠٠ پیاو لە لاشەیان جیاکرایەوە، نزیکەی ٧ هەزار ژنی ئێزدی ڕفێنران، لە بازارەکان وەک کۆیلە فرۆشران و دەستدرێژی کراوەتە سەر هەزاران ژنی ئێزدی. تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران ئێزدی نادیارە.

ژ.ت / ف.ق